گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت (98%) بووە کوردستانی

نوچەنێت

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لە هەرسێ بازنەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %98 بووە و گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت،  "سبەی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان" بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (10/11/2025) جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، "کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سبەی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بە بەشداریی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 دەنگدەر؛ دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەم دەنگدانە، 8،703 بنکە و 39،285 وێستگەی دەنگدان ئامادە کراون." و وا بڕیارە کە "دەنگدانەکە تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە؛ چونکە سندووقە ئەلیکترۆنییەکان لەو کاتەدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دادەخرێن."

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گووتیشی، "24 کاتژمێر دوای دەنگدانی گشتی، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕادەگەیێندرێت." وەک چۆن لە "ڕۆژی یەکشەممە، 09ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو."

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویكردیتەوە،  "تێکڕای ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتبووە 82.42%. لەسەر ئاستی هەر سێ بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش ڕێژەکە گەیشتبووە، 98%."

ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی کورسی بەسەر پارێزگاکاندا ژمارەیەکی دیاریکراوە و کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 327 کورسی پێکهاتووە و بەسەر هەریەک لە پاریزگاکانی عێراق دابەشکراوە، "بەغدا کورسی 71، هەولێر 16 کورسی، سلێمانی 18 کورسی، دهۆک 12 کورسی، نەینەوا 34 کورسی، کەرکووک 12 کورسی، دیالە 14 کورسی، ئەنبار 15 کورسی، بابل 17 کورسی، کەربەلا 11 کورسی، واست 11 کورسی، سەڵاحەدین 12 کورسی، نەجەف 12 کورسی، قادسیە 11 کورسی، موسەننا 7 کورسی، زیقار 19 کورسی، میسان 10 کورسی، بەسڕە 25 کورسی." 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین