ئەنجامی بەرایی: تاوەكو ئێستا پارتی (29) كورسی بەدەستهێناوە کوردستانی

نوچەنێت

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کورستان، لە هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و لە پارێزگای بەغداش مەحەمەد شیاع سودانی پلەی یەکەمی لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (12/11/2025) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە 1,078,920 دەنگ توانیویەتی تائێستا ببێتە خاوەنی 29 کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە 535,161 دەنگ توانی 18 کورسی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. هەروەها لایەنەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی بە 166,532 دەنگ بووە خاوەنی 4 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست بە 165,014 توانی 5 کورسی بەدەست بهێنێت، نەوەی نوێش بە 137,336 دەنگ بووە خاوەنی 3 کورسی لە پەرلەمانی عێراق.

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، تا ئێستا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 18 کورسی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ٪25ـی کورسییەکانی پایتەختی عێراق، دوای لیستەکەی سوودانی دەوڵەتی یاسا دێت بە 9 کورسی و تەقەدووم بە هەمان ژمارەی کورسی،هەروەها بزووتنەوەی سادیقون بە 5 کورسی و رێکخراوی بەدریش بە 4 کورسی لەپلەی پێنجەمدایە، دوو هاوپەیمانی دیکەش 4 کورسییان هەیە، یەکێکیان موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات، هاوپەیمانی ئەساس لە بەغدا 4 کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها هاوپەیمانی عەزمی سوننەکانیش بە هەمان شێوە 4 کورسی هەیە، هاوپەیمانی سەروەریش بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر 3 کورسی بەدەستهێناوە .

لە پارێزگای بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە 68454  دەنگ پلەی یەکەمی گرتووە لە حیزبی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هەروەها لە پارێزگای بەسرە کە خاوەنی 25 کورسییە، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە لە لیستی هاوپەیمانی تەسمیم بە 98127 دەنگ پلەی یەکەمی وەرگرتووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین