رێكارەكانی دەستگیركردنی بەربژێرەكەی دووبز و پاسەوانەكانی چڕتر دەكرێنەوە کوردستانی

نوچەنێت

پێشمەرگەیەكی فەرماندەیی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك، لەلایەن بەربژێرێكی دەرچووی لیستی تەقدووم هێرشی دەكرێتەسەری و لە ئەندامانی بنەماڵەكەشی دەدرێت. فەرماندەیی زێرەڤانی لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، "بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین."

دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی (15-11-2025) بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، لەگەڵ پاسەوانەكانی هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەیی زێرەڤانی بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک و دەستڕێژی گوللـەی لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و ئەندامانی خێزانەکەی ئازار داون.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووداوەكە دەڵێت، "هێزێکی ئەمنی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و پۆلیسی کەرکوک بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ حەوت کەس جێبەجێکرد کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر خێزانێک لە پارێزگای کەرکوک. کە هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی ئەو خێزانە و تەقەیان کردووە و هەوڵی ڕفاندنی یەکێک لە کوڕەکانیان داوە".

وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەكاتەوە، "ئەو هێرشە لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانتار موهەیمین ئەلحەمدانی ئەنجامدراوە و هەروەها هێرشکردنە سەر ئەفسەرێکی سوپا کە هەوڵی داوە رێگری بکات لە رووداوە. هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە. ئەو هێزە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی هاووڵاتیان و شکۆمەندی ئەو دامەزراوە سەربازییە هێڵی سوورن، هەر سەرپێچییەک لەم سنوورانەش جێگای قبوڵ نییە."

هاوكات فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیی ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.

هەروەها دووپاتی دەكاتەوە، کە "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرینە بەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر."

بەپێی زانیارییەكان تاوەكو ئەمڕۆ چەند پاسەوانێكی بەربژێرەكەی لیستی تەقدووم دەستگیركراون، بەڵام موهەیمەن حەمدانی خۆی لە ماڵی برایەكی كە شێخێكی ناسراوی ئەو ناوچەیە دڵدەداوە و تاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین