مەسرور بارزانی: قبووڵ ناکەین دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت کوردستانی

نوچەنێت

مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە ڕایگەیاند کە "هیچ دادپەروەرییەک لە دابەشکردنی کورسییەکان نەبووە، بەڵام ئەمە کێشەیەکی یاساییە و پێویستە کار بکرێت بۆ راستکردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (19/11/2025) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنەکان گووتی، "بەشداربوونی سەرکردایەتی ئەنەکەسە و هەسەدە، ئاماژەیەکی باشە و هیوادارین ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێتە دی." چونکە ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندی مێپس بەرقەراربوونی ئاشتییە لە ناوچەکە، بۆیە سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند کە پێویست دەکات لایەنەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە، هەرچەندە "رەنگە هەندێک بابەت هەبن کە پێویستە گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت، بەڵام هەموو ئامادەن بەرەو نزیکبوونەوە بچن."

لە درێژەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکە مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە ئەوەی خستەڕوو "دوێنێ ئێمە چەند چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق هەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەوان لە نێو خۆیاندا لیژنەیەکیان بۆ پێداچوونەوە و لیژنەیەکیشیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکهێناوە، ئێمە گوێ لە هەمووان دەگرین بۆ ئەوەی بزانین قۆناخی داهاتوو چۆن دەبێت" لای خۆشیەوە گووتی، "هیوادارین زوو پێبکهێنرێ، هەرچەندە زۆریش دواکەوتووە، هەموو لایەک شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن پارتی هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی کابینەی نوێی حکومەت زوو دەستبەکاربێت، لایەنەکانی دیکە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، جەختی کردەوە بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن "هیچ هەوڵێک قبووڵ ناکرێت، ئەو ئەنجامانەی راگەیێندراون، هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن هیچ دادپەروەری تێدا نییە، پارتی بە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگ 27 کورسی بەدەستهێناوە، لایەنی دیکەش هەیە بە 680 هەزار دەنگ کە نیوەی پارتییە، بەهەمانشێوە 27 کورسی بەدەستهێناوە، یان لایەن هەیە 750 هەزار دەنگ 29 کورسی بەدەستهێناوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین