مەزڵوم عەبدی: باشووری کوردستان (15) ساڵە پاڵپشتیی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات کوردستانی

نوچەنێت

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، گوتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی چەند پرسێکی وەک داهاتووی سووریای نوێ و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باشووری کوردستان و ناوچەکە خستەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (19/11/2025) لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی شاری دهۆک، مەزڵوم عەبدی فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەی کۆڕبەندەکە بوو و وتارێکیشی بۆ ئامادەبوان پێشکەش کرد و تێیدا گووتی، "15 ساڵە باشووری کوردستان پاڵپشتی تەواوی رۆژئاوای کوردستانە، هێزە سیاسییەکان و سەرۆک بارزانی پاڵپشتییەکی زۆریان بۆ سەرخستنی پێڤاژۆی ئاشتی لە باکوور و سەرخستنی دیالۆگ لە رۆژئاڤا کردووە." هەروەها لەبارەی دۆخی سووریاش ڕایگەیاند، "ماوەیەکی زۆر درێژە لەنێو شەڕداین، باش ئەوەمان بینی کە کۆتایی هەموو شەڕێک دیالۆگە، سەریش بکەویت هەر دەبێت دیالۆگ بکەیت، ئەوەمان بە روونی لە سووریا بینی. هۆی کەوتنی ئەسەد ئەوە بوو کە دیالۆگی رەتدەکردەوە و پێداگریی لەسەر سیستمی ناوەندی دەکردەوە، لەبەر ئەوە شۆڕش هەڵگیرسا و لەنێوچوو."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و رۆژئاوای کوردستان گووتی، "رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان ئێمە و بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریادا کراوە، رێی لە زۆر شت گرت، پێش هەموویان ئەوە بوو کە ئێمە لەنێو شەڕێکی دژواردا بووین و رێی لەوە گرت، رێی لە مەترسیی پارچەبوونی سووریا گرت، لە سووریا زمانێکی زبر هەبوو، رۆحیەتی تۆڵە هەبوو، رێی لەوانە گرت." مەزڵوم عەبدی ئەوەی بۆ ئامادەبوان ئاشکرا کرد کە "لەو رێککەوتنەدا بۆ یەکەمجار باسی ئەوە کرا کە پێویستە مافەکانی کورد بەگوێرەی دەستوور دەستەبەر بکرێن، نەک تەنیا مافی کورد، مافی هەموو نەتەوەکانی دیکە و بەو جۆرەش سووریای نوێ بونیاد بنرێتەوە."

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە، ئێمە وەک هەسەدە "ئامادەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو پێڤاژۆیە و هەموو شتێک بکەین بۆ سەرخستنی" ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی کە "ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییەوە دەستیپێکردووە، ئەمە دەرفەتێکی نوێی هێناوەتە پێشەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمەش ئامادەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو پێڤاژۆیە." هەروەها لەبارەی باشووری کوردستانەوە مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە کە "ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەبینین کە لەم پێڤاژۆ ئاشتییەدا تەواوی هێزە سیاسییەکانی باشوور بە تەواوی پاڵپشتیی لە پێڤاژۆی ئاشتی لە باکووری کوردستان و دیالۆگی لە رۆژئاوای کوردستان و لە مژاری یەکێتیی هێزی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان رۆڵیان هەیە و هیوادارین بەردەوام بن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین