سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا کۆبوونەوە، هەردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى عێراق به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيوايان خواست ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (2025/11/25) سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایدەگەیێنێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا، "په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران."
لە ڕاگەیێنداوەکەدا دووپاتی دەکاتەوە هه‌ردوولا، "جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ باسيان له‌ بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان كرد."
هەروەها دەشڵێت هه‌ردوولا، "به‌ڕێوه‌چوون و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانيان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيوايان خواست ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، هه‌روه‌ها وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتيان بێت."
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکدا هاتووە، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گرنگیی یه‌کده‌نگیی لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین