سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: دڵسۆزیی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان نموونەیەکی باڵایە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایدەگەیێنێت، "بە گەرمی پیرۆزباییی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێ دەکەم کە تێیدا هانده‌رانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ له‌لایه‌ن فیفاوه‌ وەک باشترین و کاریگەرترین هانده‌ر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران."

ئەمڕۆ سێشەممە (16/12/2025) یەكێتیی تۆپی پێی جیهانیی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانی بەخشیە هاندەرانی یانەی زاخۆ. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كگوردستان دەڵێت، "دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان، نموونەیەکی باڵایە." 

 

دەقی پەیامی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هاندەرانی یانەی زاخۆ:

بەڕێزان سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ،

بە گەرمی پیرۆزباییی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێ دەکەم کە تێیدا هانده‌رانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ له‌لایه‌ن فیفاوه‌ وەک باشترین و کاریگەرترین هانده‌ر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران.

ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگاکه‌تان کرده‌ تابلۆیەکی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند.

دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان، نموونەیەکی باڵایە. هیوادارم هەمیشە وەک پێشەنگ بمێننەوە و پاڵپشتێکی بەهێز بن بۆ پێشکەوتنی وەرزش و بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین