بکوژی پێشمەرگەکەی پیرەمەگرون خۆی ڕادەستی پۆلیس كرد کوردستانی

نوچەنێت: باخان ڕەزا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەکەی کوشتنی پێشمەرگەیەك لە ناحیەی پیرەمەگرون  ڕایگەیاند، "کێشەکە لەسەر دەمەقاڵێی نێوان دوو پێشمەرگە بووە و تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە."

ڕۆژی یەکشەمە (21/2/025) پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "شەوی (20) لەسەر (21)ـی ئەم مانگە، لە ناوچەی (خڕەی زێوێ)، دەمەقاڵێ لە نێوان دوو کەسدا دروست دەبێت کە هەردووکیان پیشەیان پێشمەرگەیە، لە ئەنجامدا تۆمەتبار (ب، م، أ) بە چەکی جۆری دەمانچە تەقە لە هاوڕێکەی دەکات بە ناوی (ع، ح، أ) کە تەمەنی (44) ساڵە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا."

پۆلیسی سلێمانی زیاتر ڕوونیدەكاتەوە و دەڵێت، "دوای گەیشتنی تیمەکانی بەڵگەی تاوان و پۆلیسی پیرەمەگرون بۆ شوێنی ڕووداوەکە و ئەنجامدانی هێڵکاری، دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (405) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکردووە."

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی شوێنی کارەکەی کردووە و دواتر ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کراوەتەوە، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بەردەوامن."

بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانـی ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سلێمانی  (42) کەس کوژراون، بۆ ساڵی (2025) بەتەنیا لە ئیدارەی گەرمیان (19) حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە کە بەشێکە لە پارێزگای سلێمانی، زۆربەی حاڵەتەکانیش پەیوەست بوون بە کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی، کێشەی زەویوزار و میرات، کێشەی دارایی و قەرز.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین