بەهۆی مەترسی ڕووخانیان چەند قوتابخانەیەک نۆژەندەکرێنەوە کوردستانی

نوچەنێت: ئەحمەد زرار

دوای ئەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی قوتابخانەکانی سنووری دەربەندیخان بڵاوکرایەوە کە مەترسی ڕوخانیان هەبوو، وەزیری پەروەردە ڕاستەوخۆ بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا و بە گوێرەی بەدواداچوونەکان تا ئێستا (6) قوتابخانەی تری ئەم سنوورە مەترسی ڕوخانیان هەیە و دەبێت نۆژەن بکرێنەوە.

ڕۆژی سێشەممە (23/12/2025) د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بینینی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە قوتابخانەکانی سنووری دەربەندیخان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە کرد و داوای کرد "بەزووترین کات دەرخستەکان بۆ وەزارەت بەرزبکرێنەوە، تاوەکو بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەیان دابین بکرێت و مەترسی لەسەر گیانی قوتابیان نەهێڵدرێت" چونکە زۆربەی قوتابخانەکانی سنووری دەربەندیخان مەترسی ڕوخانیان لەسەرە و بۆ دەوامکردن گونجاو نین.

بە گوێرەی زانیارییەکان بەشێک لەم قوتابخانانە، "شوێنەواری بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017 یان پێوە دیارە و نۆژەن نەکراونەتەوە، تەنانەت لەسەر دیواری بەشێکیان نووسراوە مەترسیدارە" بۆیە دوای ئەوەی هاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان رایگەیاند، کە لیژنەیەکیان بۆ پێداچوونەوەی ئەم بابەتە بپێکهێناوە "دەرکەوتووە یەکێک لە قوتابخانەکان بەهۆی زۆری مەترسییەوە دەبێت بەتەواوی چۆڵ بکرێت" و شەش قوتابخانەی تریش بە ناوەکانی "قوتابخانەی پێشەوا، قوتابخانەی هەرێز، قوتابخانەی سەعی کاکی، قوتابخانەی تاڤگە، قوتابخانەی هێمای کچان، قوتابخانەی هەڵگورد" مەترسی ڕوخانیان لەسەرە.

هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان دەشڵێت، دوای فەرمانەکەی وەزیری پەروەردەی هەرێم "دەرخستەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە ئامادە کردووە کە تێچووەکەی 600 ملیۆن دینارە و هەفتەیەک پێش ئێستا ڕەوانەی سلێمانیمان کردووە، چونکە ئەو باڵەخانانە بەرگەی بچووکترین دیاردەی سروشتی وەک بومەلەرزە، لافاو یان رەشەبا ناگرن" تا ئەو کاتەش دەبێت دەوامی تێدا بوەستێندرێت و ڕەچاوی بەکارهێنانیان بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین