سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: باساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆکردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و ناکۆکییەکان بخەینە لاوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "با هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تیایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاته‌كاندا باڵادەست بێت. لەسەر ئاستی عێراقیش هیوادارین ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/12/31) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی (2026) پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕایدەگەیێنێت،"لەسەر ئاستی عێراقیش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن. وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ هه‌ر كوێى جیهان بێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له‌ ئاشتى ده‌كات."

 

دەقی پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

ساڵی نوێی زایینی (2026)، به‌ گه‌رمى له‌ كوردستانییانى خۆشه‌ویست به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌، له‌ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهاتنی هیواکان، کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و کردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.

با هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تیایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاته‌كاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێكه‌وه‌ژیان و پێکەوەکارکردندایە كه‌ تاکە گه‌ره‌نتیى پاراستنی دەستکەوتەکانمان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانمانه‌.

لەسەر ئاستی عێراقیش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن. وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ هه‌ر كوێى جیهان بێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له‌ ئاشتى ده‌كات.

كوردستانییانی خۆشەویست،

با بە ئومێد و گەشبینییەوە له‌ داهاتوو بڕوانین. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گه‌لى كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویه‌كى گەشتر.

ساڵی نوێ لە هەمووتان پیرۆز بێت،

هەر شاد و سەرفراز بن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین