یارییە ئاگریینەکان لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانی شاری هەولێر قەدەغە کران کوردستانی

نوچەنێت: باخان ڕەزا

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، زنجیرەیەک ڕێکاری توندی بۆ شەوی سەری ساڵ ڕاگەیاند و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانی لە ناو هۆڵەکاندا بە تەواوی قەدەغە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31/12/2025) بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر، لەڕاگەیێندراوێكدا، ئاگاداری سەرجەم خاوەن هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، بۆنەکان و ئەو شوێنانە دەکاتەوە، کە "خەڵکی لێ کۆدەبێتەوە، کە بەکارهێنانی هەر جۆرە یارییەکی ئاگرین یان سەرچاوەیەکی ئاگر کە مەترسی ئاگرکەوتنەوەی لێ بکرێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە."

بەرگریی شارستانی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، "پێویستە پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکان، ئامادەبووان لە ڕێنماییەکانی سەلامەتی و ڕێڕەوەکانی چوونەدەرەوەی فریاگوزاری ئاگادار بکرێنەوە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت خاوەن شوێنەکان پێشوەختە دڵنیا ببنەوە لە کارکردنی سەرجەم ئامێرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنەکانیاندا."

هاوكات هۆشداری بە خاوەن هۆڵەکان دەدات، کە پابەندنەبوون بەم ڕێنماییانە، دەیانخاتە ژێر بەرپرسیارێتی یاسایی و لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکدا خۆیان بەرپرسیار دەبن.

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات، "لە کاتی هەر ڕووداوێکی کتوپڕدا، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی (115 - 125) بکەن."

جێگەی ئاماژەپێدانە، لە كاتی ئاهەنگ گێڕانی شەوانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، چەندین رووداوی ئاگركەوتنەوە لە شوێنە گشتییەكان دەكەوێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین