سەرۆکی هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاته‌کان دەمێنێتەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاس دەکات و ڕایدەگەیێنێت، "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاته‌کان دەمێنێتەوە".

ڕۆژی شەممە (2026/1/3) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاسی کاکەییەکان ڕایگەیاند، "هاووڵاتییانى کاکەییمان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە، هەمیشە نموونەی جوانی لێبوردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون. بە درێژاییی مێژوو، سەرەڕای ئاڵنگاری و ناهەموارییەکان، پارێزگارییان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆیان کردووە و لە بەرگریکردن لە کوردستاندا قوربانییان داوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتییان".

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

هاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاس ، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ تەواوی خوشک و برایانی کاکەیی (یارسانی) لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز دەکەم. هیوادارم جەژنێکی ئارام و پڕ لە خۆشی و كامه‌رانى به‌سه‌ربه‌رن.

هاووڵاتییانى کاکەییمان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە، هەمیشە نموونەی جوانی لێبوردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون. بە درێژاییی مێژوو، سەرەڕای ئاڵنگاری و ناهەموارییەکان، پارێزگارییان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆیان کردووە و لە بەرگریکردن لە کوردستاندا قوربانییان داوە.

لەم بۆنەیەدا، هەموو هاووڵاتییانى کاکەییمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاته‌کان دەمێنێتەوە. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتییان.

جەژنی قەوڵتاس لە هەمووان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین