لەناو کورددا تا ئێستا (6) کەسایەتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە کوردستانی

نوچەنێت: ئەحمەد زرار

سبەی دوا وادەیە بۆ بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کە پۆستەکە لە بنەڕەتدا پشکی کوردە، بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا چەندین کەس خۆیان کاندید کردووە، هەروەها کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانیش لە نێوان شیعە و سوننەکاندا تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4/1/2026) میدیای (درەو) ڕاپۆرتێکی لەبارەی ناوی كاندیدانی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەوەی تا ئێستا لە ناو كوردا خۆی كاندید كردووە هەریەك لە (ئاسۆ فەرەیدون، شوان داودی، موسەنا ئەمین، حسێن سنجاری، لەتیف رەشید) چاوەڕوان دەكرێت تا ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەك كەسایەتی تر خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستە" چونکە ڕۆژی دووشەممە دوا وادەیە بۆ ئامادەکردنی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. تا ئێستا پارتی دیموکراتیی کوردستان کاندیدی نییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەڵام چاوەڕوان دەکرێت "بەڵام چاوەڕوان ناكرێت بە ئاسانی رازی بێت ئەو پۆستە بدرێتە یەكێتی."

بە گوێرەی زانیارییەکان بۆ هەموو "لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (هەڵوێست، یەكگرتوو، كۆمەڵ، چاوەڕوان دەكرێت نەوەی نوێش) بڕیارە (د. موسەنا ئەمین) پەرلەمانتاری یەكگرتوو" ببێتە کاندیدیان، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ببێتە كاندیدی سەرۆكکۆمار، چونکە "بافڵ تاڵەبانی مەرجەكانی تێدایە، لەوەی كە لە ساڵی 1973 لە ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغداد لە دایك بووەو تەمەنی 40 ساڵی تێپەڕاندووەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسیشی هەیە." 

دوێنێ شەممەش ڕۆژنامەی (عالەمولجدید) ڕایگەیاند، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەک "لە نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" ئەنجامدراوە و چاوەڕوان دەکرێت سی بژاردەی سەرەکییان هەبێت کە ئەوانیش مانەوەی سودانی بێت لەم پۆستە یان گەڕانەوەی نوری مالیکی بێت، یاخود "پێشنیازكردنی ناوی ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران، وەک بژاردەیەكی سازان لەسەركراو." بەڵام ئەوانە تەنیا پێشبینین و تا ئێستا کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا نەکراوەتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین