شەپۆلێكی دیكەی بەفر و باران تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کوردستانی

نوچەنێت: باخان ڕەزا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم و شارەزایانی كەشناسی، پێشبینی دەكەن لە زستانی ئەمساڵی چەند شەپۆلی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، هاوكات بە هۆی شەپۆلەكەی هەفتەی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەكان بەرزبۆتەوە، لەوانە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان.

ڕۆژی دووشەممە (5/1/2025) بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ و سبەی پێشبینی دەکرێت ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور بێت، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی (2 بۆ 4) پلەی سیلیزی بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن، کە بەرزترین پلەکان لەنێوان (5 بۆ 16) پلەدا دەبن، هاوکات هۆشداری دەدەین کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژدا، بەڵام شەوان و دەمەوبەیانیان لە زۆربەی ناوچەکان بەستن و زوقم دروست دەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشوهەوا دەڵێت، تا ئێستا ڕێژەی دابارین لە سەروو ئاستی ئاسایی ساڵانە بووە و ئەم ڕەوتەش بۆ تەواوی وەرزەکە بەردەوام دەبێت، لە چلەی زستانیشدا شەپۆلی بەفربارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا یەکەمین مانگی بەهاریش شەپۆلە توندەکانی باران و سەرما بەردەوام دەبن، بە جۆرێک دەتوانرێت زستانی ئەمساڵ وەک وەرزێکی مێژوویی لە قەڵەم بدرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە حکوومییەکانیش لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بارانبارین لە زۆربەی دەڤەرەکان (2 بۆ 3) بەرامبەری ساڵی ڕابردوو بووە، جگە لە زیادبوونی ئاوی بەنداوە گەورەکان، ئاماژە بەوە دراوە کە زۆربەی بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان گەیشتوونەتە ئاستی پڕبوون، چاوەڕوانیش دەکرێت بەهۆی توانەوەی بەفر لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاستی ئاوی بەنداوە گەورەکان زیاتریش بەرز بێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین