پارێزگای هەولێر کار بۆ دروستکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو دەکات کوردستانی

نوچەنێت: دەریاز نیاز

بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا بۆ پڕۆژەی دروستکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە کارەساتە سروشتییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/6) بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ پڕۆژەی دروستکردنی سیستەمی ئاگاداركردنەوەی لافاو لە هەولێر ئەنجامدرا. پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دوای هەڵسەنگاندن بۆ کارەکان بۆ بەرگەگرتن لە مەترسی دروستبوونی لافاو، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گرتنەبەری ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە بۆ چارەسەرکردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبوونە هۆی دروستبوونی لافاو، توانرا تاڕادەیەكی زۆر مەترسی دروستبوونی لەسەر شاری هەولێر و دەوروبەری نەهێڵدرێت"

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو لە كۆبوونەوەكەدا، "ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ڕابردوو بەر لە وەرزی باران بارین لەپێناوی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی لە سەنتەری شار ئەنجامدراون بەرزنرخاندن."

هەروەها پارێزگای هەولێر دەشڵێت: "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر پرزنتێشنێک پێشکەش کرا کە تێیدا ئامانج و چۆنیەتی کارکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو ڕوونکرایەوە و هەولێر بە جێبەجێکردنی دەبێتە یەکەمین شار لە عێراق و کوردستان کە خاوەنی ئەم سیستەمە بێت"

هاوکات جێگەی باسە، لافاو دیاریەكی سروشتییە و بریتییە لە بەرزبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە ناوچەیەکدا و یەکێکە لە کارەساتە سروشتییەکان، کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی و گیانیشی لێ دەکەوێتەوە و بە پێی ناوچەی جوگرافی ئەگەری ڕوودانی زیاد و کەم دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین