دووبارە دەروازەی سنووری کێلێ بەڕووی بازرگانی و گەشتیاران کرایەوە کوردستانی

نوچەنێت: مەستان سۆران

سەرپەرشتیارانی تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلێکی چڕی بەفربارین، دەروازەکانی سنووری کێلێ بۆ ماوەی زیاتر لە (10) ڕۆژ داخرا، ئەمڕۆ دەروازەیەکە دووبارە بەڕووی بازرگانی و گەشتیاراندا کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (8/1/2026) بەرپرسانی سنوور و سەرپەرشتیارانی تیمەکانی ڕاماڵینی بەفرلە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاند، بۆ ماوەی (11) ڕۆژ بە بەردەوامی و بە بەکارهێنانی ئامێری قورس سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگای دەروازەی سنووی کێڵی بوون، سەرپەرشتیارانی تیمەکە ئاماژەش بەوە دەدەن کە بەهۆی سەختیی ناوچەکە و نالەباریی کەشوهەواوە، کارەکانیان بۆ کردنەوەی ڕێگای سەرەکی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر ئەستەم، بەڵام سەرەنجام توانیویانە ڕێگاکە بۆ هاتوچۆی بارھەڵگرەکان و گەشتیاران ئامادە بکەنەوە

بەفربارینی ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری کێلێ بە جۆرێک بووە کە هاوشێوەی نەبووە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا. بەهۆی ئاستی بەرزی بەفرەکەوە، ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی گەشتیاران لە دەروازەکەدا گیریان خواردبوو و بە تەواوی لەژێر بەفردا مابوونەوە، بەگوتەی دانیشتووانی ناوچەکە و بەرپرسانی سنوورەکە، ئەم قەبارە زۆرەی بەفربارینە بیری ساڵی (1992) دەخاتەوە، کە بە بەفرە سوورەکە ناسراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەفری لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا نەباریوە

جێی ئاماژەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی (7) ملیار دۆلارە و دەروازەی کێلێ ڕۆڵێکی بەرچاو لەم ئاڵوگۆڕەدا دەگێڕێت. لە ئێستادا، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەکە دەستی پێکردووەتەوە و ڕێگاکە بە تەواوی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان ئاسایی بووەتەوە

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین