دکتۆر مورشید: شانازی بە سەرجەم شەڕڤانانەوە دەکەین چ ئافرەت بن یان پیاو کوردستانی

نوچەنێت: مەستان سۆران

مامۆستایەکی ئایینی و کەسایەتیی دیاری ڕۆژئاوای كوردستان، لە بارەی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی سەبارەت بەو ئاوارە سووریانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن دەڵێت، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕێزگرتن بوو لە پەنابەرەكانی سووریا، دەشڵێت، هەر كەسێك لە پێناو خاكەكەی گیان لەدەستبدات، پلەی شەهیدی هەیە.

ڕۆژی سێشەممە (13/1/2026) دکتۆر مورشید خەزنەوی، مامۆستای ئایینی و کەسایەتیی دیاری ڕۆژئاوای كوردستان، لە لێدوانێکدا پشتیوانی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی كرد و ڕایگەیاند، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕێزگرتنە لە پەنابەرە  سوورییەکان و ڕاگرتنی هەڵمەتە نابەجێکانە. ئەو پەیامەی سەرۆک نوێنەرایەتیی ڕێنماییە بەرزەکانی ئایینی ئیسلام دەکات، دکتۆر مورشید، باس لەوە دەکات و دەڵێت، کاتێک زێدەڕۆیی دەکرێتە سەر میللەتێک، پێویستە ئافرەت و پیاو بەیەکەوە بەرگری لە خاک بکەن. دەشڵێت، شەڕڤانانی کورد هەمیشە نموونەی مەردایەتی و خۆڕاگری بوون، ئێمە شانازی بە سەرجەم شەڕڤانانەوە دەکەین، چ ئافرەت بن یان پیاو، هەر کەسێکیش لە پێناو پاراستنی خاکەکەی گیان لەدەست بدات، بێگومان پلەی شەهیدبوونی هەیە.

دکتۆر مورشید خەزنەوی سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت ئاماژەی بەوەكرد، ئەوانەی پێیان وایە شوێنی ئافرەت تەنیا ماڵەوەیە، لە ئایینی ئیسلام تێنەگەیشتوون. لە مێژوودا حەزرەتی عائیشە، کە هاوسەری پێغەمبەر (د.خ) بووە، بەشداریی لە جەنگەکانی ئوحود و بەدردا کردووە و سەرکردایەتیی لەشکری کردووە لە مەککەوە تا عێراق

جێگەی ئاماژەپێدانە، دوای ئەوەی ژمارەیەك خاوەن كار بڵاویانكردەوە، كە ئامادەن كرێكارە سوورییەكانیان دەربكەن، سەرۆك بارزانی ڕۆژی (12/1/2026) پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن، لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین