سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە، "هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/13) بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی جوشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لەو کۆبوونەوەیەدا کە خاتوو گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد، "کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی یەکگرتوو لە عێراق بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو."

لایخۆیەوە هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆشنایشی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سوریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا.

هەر لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێ کردن. هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپاتکردەوە کە، "هەرچی لە توانایدابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بەهێز درێخی ناکەن، هەروەها لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."

هەروەها دەشڵێت، سەبارەت بە دۆخی سوریا و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە، "کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و، دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن."

هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، و هەوڵەکان بۆ بەردەوامی و باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە، تەوەرێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوە بوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین