پارێزگاری هەولێر: (120) هەزار فەرمانبەر مەرجی وەرگرتنی زەوییان تێدایە کوردستانی

نوچەنێت

پارێزگاری هەولێر لەبارەی دواقۆناغی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕایگەیاند، (120) هەزار فەرمانبەر مەرجی وەرگرتنی زەوییان تێدایە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانیش دەڵێت، زەوییەکان بۆ ئەوە دابەشدەکرێت تا فەرمانبەر وەک شوێنی نیشتەجێبوون سوودی لێ وەربگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/1/2026) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە ڕاگەیاند، ڕێژەی ئەو فەرمانبەرانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (120) هەزار فەرمانبەر مەرجی وەرگرتنی زەوییان تێدایە و تا ئێستا لە (%50)ـی زەوییەکان دابەش کراون و تا ئێستاش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان تەنیا 10 بۆ 12 هەزار فەرمانبەر ماون زەوی وەربگرن، ئەوەی دیکە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی ماون و پرۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند، دوای ئەم قۆناغە و لە قۆناغی داهاتوودا دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەست پێ دەکات چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر زەوی ئامادەیە، بە نموونە لە قەزای کۆیە و تەقتەق نزیکەی 8 هەزار پارچە زەوی ئامادەیە و لەم چەند ڕۆژەدا دابەش دەکرێن. هەروەها مەریوان حاکم بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانیش گووتی، لەسەرەتای پرۆسەکەوە پلانەکە بەو شێوەیە بووە کە باشترین زەوییەکان لە سنووری شارەوانییەکان ئامادە بکرێن، بۆیە ئەو زەوییانەی دابەش کراون یان ئامادە کراون، دەکەونە باشترین شوێنەکانی سنووری سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەشڵێت، لە داهاتوودا بیر لەوە کراوەتەوە بە کەمترین تێچوو و ئاسانترین شێوە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ و شەقامیان بۆ جێبەجێ بکرێت، چونکە ئامانجی حکومەت لە سەرەتاوە ئەوە بوو، فەرمانبەر زەوییەک وەربگرێت کە بۆ نیشتەجێبوون بەکاری بهێنێت، بۆیە ئەو نەخشانەی ئامادە دەکرێن دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ئەگەر ڕێژەی سەوزایی لە (25%)ـی کەمتر بێت، نەخشەکە ڕەت دەکرێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین