مەزڵووم عەبدی: حکومەتی سووریا لە هێرشەکانی بەردەوامە بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و شاری کۆبانی کوردستانی

نوچەنێت

فەرماندەی گشتی هەسەدە پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "سڵاو لە خۆڕاگری گەل و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە بەر هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد".

ڕۆژی سێشەممە (2026/1/20) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەندووە بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لە کەمپی شەدادی و ئەلهۆڵ ڕاگیراون و کەمپی هۆڵ لە ئێوارەی دوێنێوە هێرشی توندوتیژی و هەوڵی هێرشکردنە سەری و دەستبەسەرداگرتنی بە زۆر لێدراوە".

مەزڵووم عەبدی دەشڵێت، "پاسەوانان لە کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانە سەربازییەکان و زرێپۆشەکان و تانکەکان بوونەتەوە، ئەمەش ناچاریان کردووە بکشێنەوە. حکومەتی سوریا بەردەوامە لە هێرشە توندەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و لادێکانی، هەروەها شاری کۆبانی. دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەستیپێکردووە".

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ئێمە کشاینەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن، پاراستنیشیان هێڵێکی سوورە کە درێغی ناکەین لە بەرگریکردن و داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ئەو دامەزراوانە هەڵبگرێت کە ئەندامانی داعشیان تێدایە".

 لە کۆتایی پەیامەکەیدا موزڵووم عەبدی ڕایدەگەیێنێت، "داوا لە حکومەتی سوریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانووستاندن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین