ژمارەیەك گەنجی دیكەی كورد لە لیبیاوە گەڕێندراونەوە هەرێمی کوردستان کوردستانی

نوچەنێت: دنیا ئەحمەد

لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق کاروانی پێنجەمی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانیان لە لیبیا گەراندەوە. وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "ئەو جۆرە کۆچە دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت."

ئەمڕۆ شەممە (2026/1/24) وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کاروانی پێنجەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم کاروانەدا گەیشتنەوە باوەشی نیشتمان پێکهاتبوون لە (100) گەنج، کە بەپێی ئامارەکان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. جێگەی ئاماژەیە کە پرۆسەکە بەردەوامە و بڕیار وایە کاروانی شەشەمیش لە رۆژانی داهاتوودا بگەنەوە وڵات."

لەو ڕاگەیێندراوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری بە گەنجان دەدات و جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، هەروەها دەشڵێت، "ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی (8) مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە."

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە، کە لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.

جێگەی باسە، تاوەکو ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی (202) کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەروەها هەوڵی داوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی لیبیا پێنج کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە بگەرێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین