دیمەشق ئاگربەستی پێشێلكرد و هێرشیكردەسەر كۆبانی کوردستانی

نوچە نێت: ژیوار سلێمان سەلكە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، جارێکی دیکە هێرش بۆسەر ناوچە کوردییەکان دەستیپێکردۆتەوە، ئاگربەست پێشێلکرا، هەروەها حکومەتی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پشتیوانی سەربازی لە حکومەتی سووریا کردووە بۆ هێرشە ئاسمانیەکان.

ڕۆژی دووشەمە (2026/01/26) ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی حکومەتی سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر هێرشی زەمینی و ئاسمانیان کردۆتە سەر شارۆچکەی (خەراب عەشک) لە باکوری رۆژهەڵاتی کۆبانێ.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی هەسەدە، تورکیا پاڵپشتی هێرشە ئاسمانیەکانی گرووپە چەکدارەکانی کردووە، كە ئەمەش لە کاتێکدایە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ ماوەی  پانزە رۆژ درێژکراوەتەوە و هەردوولا یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.

لەلایەكی دیكەوە سیامەند عەلی، گوتەبێژی یەپەگە راگەیاند، ڕۆژی یەکشەمە لە شەش ناوچەی جیاوازەوە هێرش کراوەتە سەر کۆبانێ، هێرشەکان لەلایەن هەسەدەوە وەڵامدراونەتەوە.

هەروەها سیامەند عەلی، شەهیدبوونی منداڵێک و برینداربوونی چوار منداڵی دیکەی لە ئەنجامی هێرشەکانی یەکشەمە بۆ سەر ناوچەکانی (زێرک و قاسمیە) پشت راستکردەوە.

جێگەی باسە دوابەدوای هێرشە توندەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژی شەممە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بەشێوەیەکی کاتی درێژکرایەوە، بەڵام سەرەڕای درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە، حکومەتی سووریا ڕەتیکردۆتەوە پابەندی ئاگربەستەکە بێت و بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای كوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین