وەزارەتی رۆشنبیری بەهۆی بێڕێزکردن بە نەتەوەی کورد چەند کەناڵێک قەدەغە دەكات کوردستانی

نوچەنێت: ئیسماعیل تەها

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەخشی چەند کەناڵێک بەهۆی بێرێزی بە نەتەوەی کورد ڕادەگرێت، لەوبارەیەوە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نوسراوێکدا رایگەیاند، "پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانیان ڕابگرن." 

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/1/28) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوی کردەوە و تیایدا هاتووە، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەخشی لە هەرێمی کوردستان کردووە، فەرمانی کردووە بە پێی ڕێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی (2014)، پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانیان ڕابگرن. 

هاوکات لە نووسراوی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە (2725)ی ڕێکەوتی(28.1.2026) کە ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی پەخش کراوە ئاماژەی بەوە کردووە،  "ئاماژە بە خاڵی (1) و (3) و (9) لە بڕگەی (3) لە ماددەی (3)ی ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2014) (تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان)، ئاگادارتان دەکەینەوە کە پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانتان ڕابگرن، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی کە لەباری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە نەتەوەی کورد."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دووپاتی دەکاتەوە، "پەخشکردنی ئەو کەناڵانە پێچەوانەی ماددەی ئاماژە پێکراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی (2)هـ لە هەمان ڕێنمایی کە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینکردنی فریکوێنسی، بۆیە پێویستە تەنها بۆ پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین