ئومێد خۆشناو: لە كەمپینەكەی هەولێر زیاتر لە (504) تۆن كەلوپەل بۆ ڕۆژئاوا كۆكراوەتەوە کوردستانی

نوچەنێت

دوای (10) ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، پارێزگای هەولێر دەڵێت، (504 تۆن) کەل و پەل و پێداویستی کۆ کراونەتەوە، کە (325 تۆن) خۆراکی وشکە.

ئەمڕۆ شەممە (31/1/2026) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆتایی بە کەمپینى کۆکردنەوەی هاوکاری هەولێر هێنا و دەستخۆشى لە لاوان و گەنجانی خۆبەخشانى کەمپینەکە و دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم کەمپینە، ئەرکێکی نەتەوایەتی، نیشتمانی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتییە. بە خۆشحاڵییەوە لە گشت بەشەکانی کوردستانەوە هاوکاری و کۆمەك بۆ برا و خوشکانمان لە رۆژئاوا کۆ کرایەوە." 

ئومێد خۆشناو گووتیشی، ئەم کەمپینە هەردوو ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتیان کردووە کە لەم ماوەیەدا جگە لەوەی "(1 ملیار و  700 ملیۆن دینار) کۆ کراوەتەوە، ( 504 تۆن ) کەل و پەل و پێداویستی کۆ کراونەتەوە، كە ئەویش (325 تۆن) یان خۆراکی وشکە و هەروەها (147 تۆن) یان پێداویستی ناوماڵ بوون وەک دۆشەک، بەتانی، بالیف  و ئەو کەرەستانەی کە پێویستن" توانیویانە بڕی (32 تۆن) دەرمان و کەرەستەی تەندروستیش بە ڕۆژئاوا لەگەڵ کەرەستەکانی تر کە بە تێکڕای کۆی گشتیشیان (126 تڕێلە) بوون لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوا" بکرێن.

لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە ڕاشیگەیاند، "خۆپیشاندان دەبێ لە چوارچێوەی رێسای دیاریکراو و بە شێوازێکی مەدەنی بەڕێوە بچێت، نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک. ئێستاش کە بەخۆشحاڵییەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان رێککەوتنی ئاشتی کراوە، چیدی پێویست بە خۆپیشاندان ناکات. هیوادارین ئەو رێککەوتنە بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ بکرێت و کوردانی رۆژئاواش بە مافەکانی خۆیان بگەن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ناوچەکەیان و هەموو سووریادا بکێشێت." 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە (22/1/2026) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە بەردەم پاڕکی شانەدەر لە هەولێر گەورەترین کەمپینی بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی کوردسانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند و هیوای خواست هەمووان بە پێی توانا یارمەتیدەری کەمپەینەکە بن و یارمەتییەکانیان بگەیێنن. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین