موسەننا ئەمین: ڕۆژی (8)ـی شوبات دوا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کوردستانی

نوچەنێت

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوا وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار دیاریکراوە و بڕیاریشە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە هەولێر و سلێمانی کۆببێتەوە و سەرۆک کۆمار، کە پشکی کوردە یەکلابکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (2/2/2026) د. موسەننا ئەمین سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار هەڵوەشایەوە، لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوو رۆژ دیاریکراوە بۆ دانیشتن، ئەگەر سەردانى شاندنى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ هەرێمى کوردستان ئەرێنى بوو، (5)ـى شوبات دەبێت، ئەگەریش ئەرێنی نەبوو، دانیشتنەکە لە (8)ـی شوبات بکرێت.

د. موسەننا ئەمین گووتیی، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز کرا کە چاوەڕێی سەردانی شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەردانەکە ئەرێنی بوو، پێنجشەممە یان شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، چونکە بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە (30) ڕۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆ‌ککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش لە (15) ڕۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران وا باس کراوە کە نابێت دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە (8)ـی شوبات تێبپەڕێت. هەروەها تا ئێستا (19) بەربژێر کێبڕکێ دەکەن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و موسەننا ئەمین سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانن. 

ئەم لێدوانەی د. موسەننا ئەمین لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ دووشەممە (2/2/2026) شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین