چاودێریی بازرگانیی هەولێر: لە یەك مانگدا دەستبەسەر (22) تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گیراوە کوردستانی

نوچەنێت

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا داتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (2026)ـی خستەڕوو و گووتیشی، "تیمەکان توانیویانە دەست بەسەر (22) تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا بگرن."

ئەمڕۆ دووشەممە (2/2/2026) بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر چەند ئامارێکی بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و هۆگر عەلیش، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دەڵێت "تیمەکانمان بە شێوەیەکی مەیدانی و بەردەوام لە نێو بازاڕەکاندان. دوای کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، هەر بازرگانێک هەوڵی ئیستیغلالکردنی بازاڕ بدات یان بە نایاسایی نرخەکان بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە." هۆگر عەلی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەسەر چوار قۆناغ دابەش کرد کە "رێگریکردن لە قۆرخکاری، کۆنتڕۆڵکردنی کاڵای ماوەبەسەرچوو، چاودێری کوالێتی و رێگریکردن لە گرانفرۆشی بێ پاساو"ن.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی چاودێریی بازرگانی هەولێر، "لیژنەکان (1020) سەردانیان بۆ شوێنە جیاجیاکان ئەنجامداوە، کە زۆرترینیان بۆ سەر مارکێتەکان بووە بە (412) سەردان. هەروەها بەهۆی سەرپێچییەکانەوە (82) سزا تۆمار کراوە و (8) شوێنیش بەهۆی پابەند نەبوون داخراون. بڕی (25) ملیۆن دینار و ،(26000) هەزار دینار وەک سزای دارایی وەرگیراوە. هەروەها تیمەکان توانیویانە دەست بەسەر (22) تۆن کەل و پەلی ماوەبەسەرچوودا بگرن و رێگری لە فرۆشتنیان بکەن." 

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، "بڕی (442000) لیتر غاز بەسەر نانەواخانە و سەموونخانەکاندا دابەش کراوە بۆ جێگیرکردنی نرخی نان" هەروەها جەختی کردەوە کە بۆ دڵنیایی هاووڵاتیان لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراشتنی سەقامگیری بەمزووانە "ئاماری وردتر بۆ ڕای گشتی دەخرێتەروو" و لیژنەکانیش بەردەوامن لە تۆمارکردنی سەپێچییەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین