سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ دەکەن کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر كۆبوونەوە و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی "پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە."

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (2026/2/5) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شاندێكى یاوه‌رى کرد. بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، "دوایین پێشهاته‌ مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى سووریا و هه‌سه‌ده"‌ تاوتوێ کران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافی هەموو پێکهاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە، مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕا بوون کە هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین