سەرۆک بارزانی: دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەرار بێت کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی لە پیرمام لەگەڵ جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و پرسەکانی ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و بارودۆخی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (11/2/2026) لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ (عێراق و ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاتلانتیک کاوسل (Atlantic Council) کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و "بارودۆخی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا" کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەکە کە دۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکانی تێدا خرانە بەر باس، "فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند."

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆک مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، "دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەرار بێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بێت" هەروەها هیوای خواست کە هەردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەتی سووریا "پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەک بە ئێمە کرابێت لە ڕووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتوان ئەنجاممان داوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین