ژنێکی بەساڵاچوو سکاڵا لە خوشکەزاکەی تۆمار دەکات کوردستانی

نوچەنێت

پۆلیسی سلێمانی هەواڵی دەستگیرکردنی کەسێکی بڵاوکردەوە کە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر ئاڵتوونەکانیشی دەدزێت، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبار خوشکەزای سکاڵاکەرە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25/2/2026) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار کرایەنەوە "لە ڕووداوێک کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتی (2026/2/24) لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ ڕوویدا بوو" تێیدا "تۆمەتبارێکی دەمامکدار هەڵیکوتابووە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو کە بەتەنها دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لە هۆش خۆی دەچێت، دواتر ئاڵتونەکانی دەدزێت و هەڵدێت."

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی پەیوەندیمان پێوە کرا بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەر بە پۆلیسی سلێمانی "لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد" سەرەنجام دوای هەوڵی تیمەکان "توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت و دەستیش بگیرێ بەسەر ئاڵتونە دزراوەکەدا."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی "تۆمەتبار ناوی (ش، ع، ح) لەدایکبووی (1987)ە" و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە "کە تۆمەتبار خوشکەزای سکاڵاکەرە" و ئێستاش بە بڕیاری دادوەر و بە گوێرەی "مادەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین