ئاسایشی سلێمانی هۆشداری دەدات بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کوردستانی

نوچەنێت

دەزگای ئاسایش چەند ڕێنماییەکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "نابێت بەهیچ جۆرێک تیمی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاند لە کاتی ڕووداوەکان بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک ببنەوە".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/3/4) دەزگای ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهیچ جۆرێک تیمی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووداوە ئەمنییەکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکان نابێ نزیک ببنەوە و ڤیدیۆی شوێنەکان بڵاوبکەنەوە". هەروەها ئاماژەشی پێدراوە کە، "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەروماڵی هاووڵاتییان و گیانی ڕۆژنامەنووسان، ئەم ڕێنماییانە بە پێویست دەزانین کە ڕاگەیاندنەکان لەکاتی ڕووماڵی ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەدا ڕەچاوی بکەن".

لە ڕاگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە کە، "پەیامنێر و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر ڕووداوەکان پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون و تەنها ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لەسەرچاوەی فەرمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەکەوێت". دەشڵێت، "پەلەنەکەن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە تا ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاری فەرمی بڵاودەکرێتەوە".

هاوکات دەزگای ئاسایش جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە، "دەزگاکانی ڕاگەیاندن خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی کە ناڕاستن و ترس و دڵەراوکێی لەناو بازاڕ و هاووڵاتییاندا دروست دەکەن". هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن کە لە میدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانن.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە، "هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە". هەربۆیە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە خۆیان بپارێزن و وتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی ڕاست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین