مەسرور بارزانی: ڕاپەڕین بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، "ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو".

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/3/5) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە (35)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری (1991)ــی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو. لە سایەی ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین".

مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، "لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە و وەک چۆن لە سایەی یەکگرتووییی گەلی کوردستان، ڕاپەڕینی ئاداری (1991) سەرکەوت و بە ئەنجام گەیشت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، لەم ساتەوەختەی ئەمڕۆشدا، پێویستە خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مێژووییی (1991). سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. خودای مەزن کوردستان بپارێزێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین