سەرۆکى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لە ئافرەتان دەکات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی ئافرەتان هەشتى مارس پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت، "ژن لە کوردستان بە درێژایی مێژوو رۆڵی شۆڕشگێڕی و ئاشتیخوازانەی بینیوە و ئازایەتی و خۆڕاگریی بێوێنەی سەلماندووە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (2026/3/8) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بە بۆنەى هەشتى مارس لە پەیامێکدا پیرۆزبایى لە ئافرەتانى کوردستان کرد ، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، "وەک هەمیشە پابەندی چەسپاندنی کولتووری یەکسانی و دادوەری و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەکين کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، جا چ لەناو خێزان و چ لە شوێنە گشتییەکاندا بێت."

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی جیهانیی ئافرەتان:

 بە بۆنەی هەشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم. هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و پێشەنگییان بۆ دەخوازم لە کاروانە پڕ لە شانازییەکەیاندا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.

 ژن لە کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی شۆڕشگێڕی و ئاشتیخوازانەی بینیوە و ئازایەتی و خۆڕاگریی بێوێنەی سەلماندووە. ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بنیاتنان و پتەوکردنی دامەزراوەکاندایە، ئامادەیی کارای ئافرەتان لە سەرجەم کایەکانی سیاسەت، پێشمەرگایەتی، ئابووری، بەڕێوەبردن و پەروەردەدا، جێگەی شانازیی گەورەی ئێمەیە.

 لەم یادە پڕشکۆیەدا، ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر و پێشکەوتوو، بەبێ مسۆگەرکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژن و بەهێزکردنی پێگەی لە هەموو کایەکانی بڕیارداندا، ناكرێت. وەک هەمیشە پابەندی چەسپاندنی کولتووری یەکسانی و دادوەری و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەکين کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، جا چ لەناو خێزان و چ لە شوێنە گشتییەکاندا بێت.

 پاراستنی شکۆ و مافەکانی ئافرەت بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی حكومه‌ت، خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینییەکانە. کار و ستراتیژیی نوێ پێويستن بۆ ئەوەی بوار و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان بڕەخسێنین تا ڕۆڵى كاراى زياتریان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا هه‌بێت. دەبێ کوردستان هەمیشە نموونەیەکی درەوشاوە بێت لە بواری یەکسانی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئافره‌تان لە توندڕەوی و توندوتیژی.

 لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزه‌وه‌ یادی هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لەپێناو ئازادی و دادوەری و مافە ڕەواکانیاندا قوربانیی گەورەیان داوە. سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو خانمانەی بوونەتە قوربانیی توندوتیژی، یادیان هەمیشە بە خێر بێت.

 نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/3/8

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین