تورکیا (6) فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16) لە باکووری قوبرس جێگیر دەکات تورکیە

نوچەنێت

کابینەی حکومەتی تورکیا دوای کۆبوونەوەیان و هەڵسەنگاندنیان بۆ ناردنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16)، بڕیاریاندا شەش دانە لە فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16) لە باکووری قوبرسی تورکیا جێگیر بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2026/3/8) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاوی کردەوە، دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکە، تورکیا دەستیکردووە بە توندکردنی ئاسایشی سنوورەکان و جولەی سەربازی، ئاشکین مێشێلی بەرێوەبەری بەوەکالەتی فڕۆکەوانی مەدەنی باکووری قوبرسی تورکیا رایگەیاند، سبەی تورکیا شەش دانە لە فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16)  لە باکووری قوبرس جێگیر دەکات.

چەند ڕۆژێکە پرسی ناردنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16) بۆ قوبرسی باکوور لەنێو حکومەتی تورکیا تاوتوێ دەکرێت، ئەمڕۆ کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە و دوای هەڵسەنگاندنی ئەو پرسە بڕیاریان دا بە ناردنی ئەو فڕۆکانە، لەلایەکی دیکە ئەو بەرپرسە فرۆکەوانییەی قوبرسی باکوور ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی ناردنی ئەو فڕۆکە جەنگیانە لەلایەن تورکیاوە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەشتە مەدەنییەکان نابێت.

هەر سەبارەت بەو بابەتە دوێنی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوە کرد، بەهۆی هەلکشان  پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتەکەمان بە پێویستمان زانی ژمارەیەک لە فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16)  لە باکووری قوبرس جێگیر بکەین و دڵنیاشین سوودی بۆ ئاسایشی (TRNC) دەبێت.

جێگەی باسە، دوای ئەوەی ئێران مووشەکێکی ئاراستەی تورکیا کرد ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی تورکیای لێکەوتەوە، هاوکات دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆسەر بنکەی سەربازیی بەریتانیا لە قوبرسی باشوور و داوای هاوکاریکردن لەلایەن سەرۆکی قوبرسی باشوور لە بەریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، چەند وڵاتێک بڕیاریاندا هێزی دەریایی وەک پشتیوانی بنێرن بۆ قوبرسی باشووری یۆنان، ئەم جولە سەربازییەش بەدڵنیاییەوە تورکیای نیگەران کردووە، هەربۆیەش بڕیاریاندا شەش دانە لە فڕۆکەی جەنگی (ئێف 16)  بۆ باکووری قوبرس بنێرن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین