سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی دەکات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت."

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/3/10) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی لە کۆبوونەوەکەدا، "بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕیار و ڕێنمایى بۆ پته‌وكردنى پاراستنى ئاسایش و ئارامیى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون."

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، "کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کرده‌وه‌ کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیكه‌ی دراوسێ".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە لە تەوەرێکی دیکەدا، "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانى گیانى و ماڵییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌مباره‌یەوه‌ جه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی."

هاوکات دەشڵێت لە کۆبوونەوەکەدا، "هاوسۆزى و هاوخه‌مى لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ى شەهید و بریندارانى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دووپات كرایه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین