دۆناڵد ترەمپ پەیامێكی تایبەت بۆ سەرۆك بارزانی دەنێرێت کوردستانی
نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سڵاو و ڕێزی سەرۆک ترامپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە،

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/3/12) بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا تۆم باراك، "سڵاو و ڕێزی سەرۆک ترامپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد، کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە، و ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها بەڕێز نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمەریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا. "

بە هەمان شێوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی تۆم باراکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکدا هاتووە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و ڕایگەیاند کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبوون و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک."

هەروەها دەشڵێت سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە هەرێمی کوردستان و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین