حكومەتی هەرێم دوایین هۆشداری لەبارەی رووماڵكردنی هێرشە درۆنییەكان بە میدیاكاران دەدات کوردستانی

نوچە نێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بۆ سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە و دەڵێت، "وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/3/18) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات".

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکەین، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن".

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات:

یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن. 

سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە. 

چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.

پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە (13)ی ئاداری (2026).

داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکەین، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین