سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان و پێكه‌وه‌یى کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی، لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان دەكات و دەڵێت، "ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوویه‌كى باشتر بنیات بنێین."

ئەمڕۆ هەینی (20-3-2026) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، گەلی کورد و كوردستانییانى ئازیز لە هەر کوێی جیهان بن، "نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هه‌میشه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌هێزه‌وه‌ به‌ره‌نگارى ستەم بووه‌ته‌وه‌ و هه‌رگیز ڕاده‌ست نه‌بووه."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، ئاگری نەورۆز بۆ كورد، "بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان، بۆ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى."

 

دەقی په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جه‌ژنى نه‌ورۆز:

گەلی کورد و كوردستانییانى ئازیز لە هەر کوێی جیهان بن،

بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.

نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هه‌میشه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌هێزه‌وه‌ به‌ره‌نگارى ستەم بووه‌ته‌وه‌ و هه‌رگیز ڕاده‌ست نه‌بووه‌. نەورۆز هێمای تێکشکانی تاریکی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەى مێژووە کە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەکێک ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی کورددا بکوژێنێتەوە.

ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان، بۆ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى. گوڕ و تینى به‌هێزمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بە ئیرادەیه‌كى نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فیدراڵى و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.

ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانى لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاریه‌تیى مێژوویییەوە کار بکەین تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوویه‌كى باشتر بنیات بنێین.

لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، وێڕاى دەستخۆشی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى، دووپاتی دەکەینەوە کە له‌م دۆخه‌دا هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى هه‌ولێر ـ به‌غدا و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سه‌قامگیرى دەمێنینەوە و دەستی لێكگه‌یشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.

 

هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى كوردستان،

داواتان لێ دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی وریایییەوە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكه‌ن. بەتایبەتى لەم ڕۆژگارەدا کە ناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە لێکەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زیاتر ئاگادارى خۆتان بن.

ده‌بێ پابەندی ڕێنمایییەکانی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن، تاکوو ئەم جەژنە بە ئارامى و سەلامەتی بكه‌نه‌وه‌ و هیچ ناخۆشییەک یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەکات. پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نیشانەی شارستانیبوونی ئێمەیە و ده‌بێ پابه‌ندى بین.

نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادە دەکەنەوە. خواى مه‌زن ئێوه‌ هه‌مووتان و گه‌ل و نیشتمانمان بپارێزێت و ئاشتى و ئارامى و دڵنیایى؛ باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان و ته‌واوى مرۆڤایه‌تیدا بكێشێت.

جەژنتان پیرۆز، هەموو ساڵێک بە خۆشى و كامه‌رانى.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/3/20

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین