مەسرور بارزانی: هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچووە ئەمجارەش هەروا دەبێت کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان دوای بەشداری لە پرسەی شەهیدانی هێرشەکەی ئێران، ڕایگەیاند، کوردستان بە خوێنی شەهیدانەوە بە بەهایە، وەک چۆن هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش هەر وا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25/3/2026) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەشداریکردن لە ڕێورەسمی پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیەی کە لە هێرشی مووشەکيی ئێراندا شەهید بوون، ڕایگەیاند، "بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و لە خۆمان دەکەین بۆ لەدەستدانی ئەو شەش شەهیدە قارەمانە. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین."

مەسرور بارزانی گووتیشی، ئەم شەهیدانە "شەهیدی غەدر و خیانەتن و بەبێ هۆکار ئەم هێرشەی سەر پێشمەرگە ئەنجامدرا" بۆیە "بەهۆی خوێنی ئەو شەهیدانە ئێمە بە سەربەرزی لە وڵاتەکەماندا دەژین و کوردستانەکەشمان بەهۆی خوێنی شەهیدانمان بە بەهایە، هەر وەکوو چۆن هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش هەر وا دەبێت."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێم، سەرۆکی حکومەت جەختی لە بێلایەنی هەرێمی کوردستان کردەوە و گووتی، "ئێمە نامانەوێت تێکەلی هیچ شەڕێک ببین و دەمانەوێت کوردستان پارێزراو بێت و بۆ ئەمەش هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن لە کەرامەت و ماف و خاک و وڵاتی خۆمان دەیکەین و لەسەر ئەم ڕێگەیە، ڕێگەی شەهیدەکانمان و ڕێگەی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین."

ئەم لێدوانەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، لە هێرشێکی مووشەکی بالیستی ئێران، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و (30) پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین