باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا پەیامێك ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەكات کوردستانی

نوچە نێت

نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.

ئێواره‌ى ئەمڕۆ شەممە (2026/3/28) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە کلیمێنس سێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراقەوە پێگەیشت.

لە پەیامەکەدا، "نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە هێرشەکە هیچ قوربانییه‌كى لێ نەکەوتووەتەوە".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە توندوتیژییە نابەرپرسانەیە مەترسیی پەرەسەندنی زیاتری دۆخە هەستیارەکەی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. جەختیشی کردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم کارە ڕادەستی دادگا بکرێن ، چونکە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، یان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، کارێکی تاوانکارییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".

لە کۆتاییی پەیامەکەدا، "داوا لە هەموو لایەک کراوە پشتگیریی هەوڵەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ناوخۆی عێراق و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا".

کۆتایی ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە بەرامبەردا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "سوپاسی پەیام و هەڵوێستی باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە و پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیری کرد".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین