سەڵاحەدین بەهادین: پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێمی كوردستان هەوڵی تێوەگلانی گەلی کوردستانە لەشەڕێکی نەخوازراو کوردستانی

نوچە نێت

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێم هەوڵی تێوەگلانی گەلی کوردستانە لە شەڕێکی نەخوازراوی بێ مانا."

ئەمڕۆ شەممە (2026/3/28) دوای هێرشی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە، لەو بارەیەوە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، " پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێم لە شاری دهۆک، بەتوندی سەرکۆنە ئەکەم."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دووپاتی دەکاتەوە، "جگە لەوەی بەردەوامیە لە پێشێلکاری نایاسایی و هەوڵی تێوەگلانی گەلی کوردستانە لە شەڕێکی نەخوازراوی بێ مانادا، سابقەیەکی خراپی بەزاندنی سەروەری قەوارەی هەرێمە، بۆیە دەخوازم لایەنی پەیوەندیدار رێگری بکەن لەم پەرەسەندنە"

جێگەی باسە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەدرۆن هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی هێڕشە درۆنییەکەیان کرد، هاوکات سەرۆک کۆماری فەرەنسا پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردساتانی کرد و پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە، لەلایەکی دیکە، لە پەیوەندییەکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی ئەو هێرشەی کردوو فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین