مەکتەبی سیاسیی پارتی: بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانە کوردستانی

نوچە نێت

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لە دهۆک و ڕایدەگەیێنێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی بەڕێزیانە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی لە پێناو دەربازکردنی هەریمی کوردستان و عێڕاق لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ناوچەکە".

ڕۆژی یەکشەممە (2026/3/29) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنەی دوایین هەنگاوی ترسنۆکانەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرا، ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بووە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، "داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان هێڵی سوورە".

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بەتوندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەین، کە کرایە سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک. 

ئەم بە ئامانجگرتنەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی بەڕێزیانە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی لە پێناو دەربازکردنی هەریمی کوردستان و عێڕاق لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ناوچەکە و هەوڵێکی نەزۆکیشن بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی بۆ نێو ململانێ. 

لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ململانێیانەی، کە لە ناوچەکەدا هەیە بێلایەنە و نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان. هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بووە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان هێڵی سوورە. 

ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پێکەوەژیان و گەشەپێدان زۆر لەوە بەهێزترە بەم جۆرە فشارە شەڕانگێزیانە تێکبدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین