ئەمڕۆ خوێندنی ئۆنڵاین دەستپێدەكات کوردستانی

نوچە نێت

بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندنی ئۆنڵاین دەستپێدەکات و بۆ ئەم مەبەستە سیستەمەکانی (ئی- هەڵسەنگاندن، ئی- وانە) و تەلەڤزیۆنی پەروەردەش بۆ تۆمارکردن و پەخشکردنی وانەکان، بۆ قوتابییان بەردەست دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2/4/2026) لوقمان سەعید بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند، بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ئۆنڵاین هەموو رێکارەکان جێبەجێکراون و هەڵسەنگاندم لە بەڕێوەبەرایەتییەکان وەرگرتووەتەوە و بڕیارە هەموو سێشەممەیەک هەڵسەنگاندن لە هەموو پەروەردەکانی پارێزگای هەولێر وەربگرم، بۆیە هەموو شتێک باش دەڕوات و قوتابییان لە رێگەی سیستمەکانی (ئی- هەڵسەنگاندن و ئی- وانە) و تەلەفزیۆنی پەروەردەوە دەتوانن وانەکان بخوێنن، مامۆستایانیش ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی پەروەردە وانەکان دەڵێنەوە.

هەر لەبارەی دەستپێکی خوێندنی ئۆنڵاین لە پارێزگای دهۆک نەبیل شەنگالی بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک گووتی، لە هەموو پەروەردەکانی دهۆک خوێندنی ئۆنلاین دەستیپێکردووە؛ تەنیا هەندێک کێشەی بچووک و تەکنیکی هەن تاوەکو قوتابییان دەچنە ناو سیستمەکەوە، بەڵام بە گشتی هەموو شتێک باشە و بەپێی خشتەکانی پەروەردەی هەرێم هەر مامۆستایەک سەرپەرشتیی گرووپێک دەکات، تەلەفزیۆنی پەروەردەش بەردەستە و وانەکان دەخوێندرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان زانکۆ و پەیمانگاکانیش چوونەتە نێو سیستەمی خوێندنی ئۆنڵاین، لەم بارەیەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە (30) ئادارەوە لە هەموو زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان دەستیپێکردووە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئێمە ئەزموونی پێشوومان هەبووە و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە.

دەستپێکی خوێندنی ئۆنڵاین لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە، (29/30/2026) بەهۆی باری نائاسایی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل ڕابگیرێت و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین