سەرۆک بارزانی: کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی بەشێك بوو لەو پلانە كەڕژێمی پێشوو ئەنجامی دا کوردستانی

نوچە نێت:

لە یادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی سەرۆک بارزانی خەمباری خۆی بۆ ئەم یادە دەربڕی و ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژی فەیلییەکان بەشێك لەو پیلانە بوو کە ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجامی دەدا.

ڕۆژی شەممە (4/4/2026) سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی ڕایگەیاند، "چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە" 

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی گووتیشی، "لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات."

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە. كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیانهەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێك لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.

لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.

مەسعود بارزانی

4ی نیسانی 2026

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین