سەرۆک بارزانی: شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیل هیچ شەهامەتێکی تێدا نییە کوردستانی

نوچە نێت:

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی درۆنیدا پێشمەرگەیەک و هاوژینەکەی شەهید بوون، سەرۆک بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، "گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە."

ڕۆژی سێشەممە (7/4/2026) سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی هاوخەمی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەوی ڕابردوو بڵاوکردەوە و گووتیشی، "ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە. شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی سەرەڕای سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان، ڕاشیگەیاند، "شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت."

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:

شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.

شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.

شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.

مسعود بارزانی

7ی نیسانی 2026

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین