سەرۆکی حکومەت: ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر گوندێکی سنووری پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات".

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/4/7)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە گوندی زەرگەزەوی، بە مەبەستی هاوخەمی و گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی هەردوو شەهید (مووسا ئەنوەر و موژدە بوو). دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “جارێکی دیکەش بێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە، سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین”.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە “ئەمە چەندین جارە بەبێ هۆ و پاساو، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات”، گوتیشی “ ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها لە پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین. سوپاسی پشوودرێژی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم شەڕ و گرژی و ناخۆشییە کۆتایی بێت و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات”. 

لەبارەی بێ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە “بەداخەوە حکومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە”. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە بەردەوامی بەهۆی هێرشی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان، بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە گوندی زەرگەزەوی ناوچەی زرارەتی، بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی هاوڵاتییەکی سڤیل، لە ئەنجامدا  دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (موسا ئەنوەر و موژدە ئەسعەد) شەهید بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین