هەڵوێستی توركیا بەرامبەر ئاگربەستی ئەمەریکا و ئێران تورکیە

نوچە نێت:

سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ڕاگەیاندی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕایگەیاند، "ئەو ئاگربەستەی دوێنێ شەو ڕاگەیێندرا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەکەین."، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پێشوازی لەو ئاگربەستی کاتی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ناوچەکەمان دەکەین."

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/4/8) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاوی کردەوە، دوای (40) ڕۆژ لە جەنگی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران بە دەستپێشخەری پاکستان دوێنێ شەو ئاگربەستێکی کاتیان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەو ئاگرەی لە (28) شوباتەوە ناوچەکەمانی گرتووەتەوە، ئەو ئاگربەستەی شەوێ ڕابردوو ڕاگەیێندرا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەکەین، هیوادارم ئاگربەستی هەمیشەیی ڕابگەیێندرێت و  هیچ دەرفەتێک نەدرێتە ئەو لایەنەی کە هەوڵی تێکدانی ئەو ئاگربەستە دەدەن."

سەرۆک کۆماری تورکیا لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە، "لەدڵەوە لەسەرەتا سوپای برا و دۆستمان پاکستان و ئەو ئەکتەرانە دەکەم  کە هەوڵی جددییان دا بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، هیوادارم ئەو جوگرافییەمان کە زوڵ و زۆرداری و شەڕ و پێکدانانی زۆری بەخۆوە بینیوە بەزووترین کات بگات بە ئاشتی و ئارامی، تورکیا بەردەوام دەبێت لەبەرزکردنەوەی دەنگەکانی لە هەموو جیهاندا لەپێناو گەیشت بە ئاشتی."

لەلایەکی دیکە، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە سوپاسەوە پێشوازی لە بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەین، هیواخوازین ئاشتییەکی هەمیشەیی بێتەدی و هەموو لایەنەکان پابەندبن بە بڕگەکانی نێو ئاگربەستەکە."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، "تورکیا ئامادەیە هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بکات بۆ ئەو دانوستاندنەی لە ئیسلام ئاباد بڕیارە بەڕێوەبچێت بۆ کۆتایهێنان بەو جەنگە."

جێگەی باسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو جەنگە، تورکیا بێلایەنی خۆی لە هێرشەکان دووپاتکردەوە، هەڵوێستی خۆشی دژی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەردەوامی جەنگەکە ڕەخنەی توندی لە ئێران گرت بەرامبەر بە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.

  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین