سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی تاوانی كیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی پەیامێكی بڵاوكردەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی (39) ساڵەی تاوانی كیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی پەیامێكی بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێت، ئەو ناوچەیە پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون بۆیە كرایە ئامانج.

ئەمرۆ پێنجشەممە (2026/4/16) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی دەڵێت، ئەمڕۆ یادی (39) ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی دەکەینەوە. ئەو تاوانە گەورەیەی ساڵی 1987 کە ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجامی دا، سەرەتا و دەستپێکی زنجیرەیەک تاوانی دڕندانەى کیمیابارانکردنی خەڵکی سڤیل و خاک و سروشتی جوانی کوردستان بوو.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكی جەخت ئاماژە بەوە دەكات، لەم یادە به‌ئازاره‌دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی نەمر دادەنەوێنین و سڵاو بۆ کەسوکاری سەربەرزيان و بۆ قوربانی و بەرکەوتووانی ئەو کارەساتە دەنێرین.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە بالیسان و شێخ وەسانان و تەواوی دۆڵی خۆشناوەتی، هەمیشە مەڵبەندی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون، بۆیە کرانە ئامانجی ئەو شاڵاوە ڕەشە، بەڵام گه‌لى كوردستان به‌ خۆڕاگرى مايه‌وه‌ و تاوانكاران له‌ناوچوون.
لە كۆتایی پەیامەكەی دەڵێت، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی خۆشناوەتی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین