سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ئەردۆغان دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد کوردستانی

نوچە نێت:

لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە، "فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە."

ڕۆژی شەممە (2026/4/18) هەر لە به‌رده‌واميى كارنامه‌كه‌يدا له‌ کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، "گفتوگۆیەکی تێروته‌سه‌ليان دەربارەی بەهێزکردنی هاریکاریی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بیروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و پاراستنى سەقامگیری، لە ناوچەکەدا کردەوە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە جەخت لە، "فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە و هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان."

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی سەرۆک ئەردۆغانی کرد بۆ سەرکردایەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسايش و ئاراميى ناوچەکە.

هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین