سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتیمانی کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتیمانی کۆبووەوە. هاوکات هەردوولا هاوڕا بوون کە، "پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بێت و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پێشینەی کارەکانیدا بێت".

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (2026/5/4) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی زنجیرە دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتیمانی کۆبووەوە

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی وڵات و پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەروەها هەردوولا، "جەختیان لە گرنگیی دیالۆگی نیشتمانی و لێکگەیشتنی نێوان هەموو پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان کردەوە وەک کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، کە شێوەیەک ماف و شایستەکانی هەموو لایەک بپارێزرێت".

لە ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بێت و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پێشینەی کارەکانیدا بێت".

هەر لەم بارەیەوە، "سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی هاوسەنگ و نیشتمانیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق".

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی وڵات لە گرژییەکان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. کە تێیدا جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەروەریی نیشتمانی کرایەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین