سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. هاوکات جەخت لە، "گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکان کرایەوە".

ڕۆژی دووشەممە (2026/5/4) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراقیی فیدراڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، "پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵى تاوتوێ کران".

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، جەخت لە، "گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکان کرایەوە، بە شێوەیەک کە حکومەتی داهاتوو تەواوکەری هەوڵه‌كان بێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و برەودان بە لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان". هەروەها، هەردوولا باسیان لە کار و چالاکییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە ماوەی ڕابردوودا کرد.

لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، "دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی محه‌مه‌د شیاع سوودانی کرد و جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێكگه‌یشتنانه‌ کرایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بەدی هاتوون".

هاوکات بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، ئاماژەی بەوەش کرد، لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دا، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین